Jan 17, 2013

کاکه نەگەیشتی؟؟ (تەنزی کوڵکن.. عەدنان هونەروەر)


کاکه نەگەیشتی؟؟
ئەرێ بۆ نەگەیشتی؟؟ 
دەی کەی قەرارە بگەیت؟؟
باشە خۆ تۆ هەر کەی بوو وتت ئیتر ئەم جارە دەگەیت؟؟
نازانم.. ئەگەر قەرارە ئاوا بگەیت، هەر نەگەیت باشترێکه؟؟
دەی ئیتر بەزیاد نەبێ ئەم گەیشتنەی تۆ؟؟

ئەو کەسانەی که گیانیان له مەترسی دا بوە و یان ئەوەی بۆ گەیشتن به ژیانێک که شیاوی مرۆڤ بێ، روویان له غوربەت کردوە به جوانی لە گەل ئەم رەستانه ئاشنان!!
به دەیان جار له قۆناغەکانی گەیشتن به ئورووپا، هەر جارە و له وڵاتێک وڵامدەری ئەم پرسیارانه بووە، که بەربینگی پێ هەڵچنیوە..

کورد له بەر ئەوەی بەردەوام خاوەنی دیرۆکێکی ئابڵۆقەدارە، بەو پێیەش که نەگبەت هەر نەگبەت دەمێنێتەوە، هەر بۆیه لەم گۆڕانە مێژووکردەش دا، هەر بەو دەردی سەریش ئەگاتە هەندەران.. کەچی زۆربەی نەتەوەکانی دیکه (بۆ نموونە ئێرانییەکان که زیاتر ئاگاداریان هەین) هەر به فڕۆکه له ژیانێکی فوول خۆش ئەفڕن بۆ ژیانێکی خۆش، و ئەسلمێنن که گیانیان له مەترسی دا بوە، ئەگینا هەر ئەوەتا تەنیا توانیویانه مەکینەی دروومانەکەیان یان ئوتووی قژەکەیان له گەل خۆیان بیهێنن، لە بەر ئەوەی که ئیتلاعات رژاوەتە ماڵیان و گسکی له ماڵیان داوە، لەو لاشەوە حازر نین به هیچ کڵۆجێک خراپی وڵاتە گوڵ و بولبولەکەیان بڵێن و باسی دیکتاتۆری ئایینی دەسەڵاتدارانیان بکەن، چوونکا بیر لەوە ئەکەنەوە که سیتیزەنەکەیان وەرگرن و بگەڕێنەوە بۆ زێدەکەیان..
جا هەندێکیشیان که دەگەنه هەندەران سەیر ئەکەن ئیتر چاخانه و دەوری فلکه نشینی باوی نییه و قورمەسەوزی و دۆڵمه دەس ناکەوێ، وەک کێچ ئەکەوێتە کەوڵیان که بگەڕێنەوە، چوونکا تاقەتی خواردنی ئەم چێشتە بێ خوێ و بێ ئاڵەت و زەردەچێوەیانە نییه!!

کوردە داماوەکانی لای خۆمان که به هەزار قۆرت خۆی ئەگەیەنێتە تورکیا و بڕیار بوە ئەگەر خۆی بگەیەنتە یونان و دواتر باوکی خەله و خەرمان و تووتن و گوێزەکەی بفرۆشێت و بیداتە دەستی شازدەی کوڕی که بەڵکوو خۆی بداتە دەستی باهۆزی هەندەران.. جا کاتی وەها هەیە، قاچاخچی پارەی لێدەخۆن، جاری وەهاش هەیە هێندە دەمێنێتەوە لە یونان و تورکیا خۆی حەپەلووشی ئەکات.. ئیتر ئەگەر له کەلێنێک دا بگیرێت ئەشێ ئەوە ئیتر کمپینی بۆ ساز کەن و فەیسبووقیستەکان ئیمزای بۆ خڕکەنەوە، بەڵکوو کاکی شۆڕشگێڕ، یان جەنابی رووناکبیر خۆی له زیندان بکێشتە دەر و به هەزار قنەجووڕێ هەڵیکێشن بۆ تاراوگه..

که دەگاتە تاراوگەش ئیتر دەبێ خەریکی پشتگیری کۆ کردنەوە بێت له فڵانه حیزب و فیسارە رێکخراوە.. خۆ حیزبەکانیش هەر که زانیان کابرا ماڵئاوایی کرد بەڵام به لا لووتەوە بای بایەکی کردوە، تا پشتگیریەک به کاکی پێشمەرگە ئەدەن قیر ئەڵێ چەق!

جەنابی خەباتگێڕی هەندەران نشین، ئیتر ئیشی دەبێتە جگەرەپێچانەوە به شێوازی با و باپیرانی به ئامێری تایبەتی ئورووپی، و بیرکرنەوە له ژیانی رابردوو و له ژنەکەی که نەکات دڵی دابێتە کەسانێک یان تایفەیەک، ئەڵبەت خۆیشی جار به جار زیانەخرۆییەک هەر ئەکات!! ئیتر ئیشی دەبێتە فاڵ گرتنەوە، یان دەبێتە پێشمەرگەی فەیس بووق، له نیشتمانەوە کچان خۆیانی بۆ پۆیله ئەکەن.. کوڕان شێر و خەت ئەکەن له سەر ئەو کچانەی که پێشتر تامەزرۆی نیوە نیگایەکیان بوو، که ئەتوانن بیکەنه ژنی خۆیان.. تا دوو سێ ساڵ که جوابێکی بۆ دێتەوە، ئەویش جوابی نەرێنی!! وەک کەڕەواڵه داکەوتوە و زمانەکەش فێر نەبوە.. جا وەرە و ئەم کەرە لەم ناو قوڕە دەربێنێت ئەویش کێ دەریبێنێت بەڕێز پارێزەری یاسایی..

دیسانەوە ئەم جارەش پرسیارە قۆڕەکان خۆیان قووت ئەکەنەوە:
دەی چی بوو؟
جوابت وەرنەگرت؟
کەی وەری دەگری؟؟
دەی بەزیاد نەبێ ئەو گەیشتن و ئەو جواب وەرگرتنە پڕ له دەلەسەیه!!


No comments:

Post a Comment

په‌یڤێـک بپه‌یڤێنــه